19 10 2025

لە دەسکەوتێکی نێودەوڵەتیی دیاردا، زانکۆی کوردستان بەپێی پۆلێنبەندیی باوەڕپێکراوی CWUR بۆ ساڵی ٢٠٢٥، لەنێو ٨٪ی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا جێی گرت. ئەم سەرکەوتنە هاوکاتە لەگەڵ بازدانێکی سێ پلەیی لە پۆلێنبەندیی نیشتمانیدا و بەدەستهێنانی پلەی ٢٨ی وڵات.

زانکۆی کوردستان لە ڕیزی ٨٪ی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا جێی گرت

بەپێی ڕاگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی کوردستان، بەپێی ئەنجامەکانی پۆلێنبەندیی ساڵی ٢٠٢٥ی ناوەندی پۆلێنبەندیی زانکۆکانی جیهان (CWUR)، زانکۆی کوردستان لەنێو ٢١,٤٦٢ زانکۆی هەڵسەنگێندراودا، توانیویەتی پلەی ١٧٠٠ی جیهانی و پلەی ٢٨ی نێو زانکۆکانی ئێران بەدەست بهێنێت. ئەم دەسکەوتە نیشاندەری بازدانێکی سێ پلەییە لە پۆلێنبەندیی نیشتمانیدا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو و جێگرتنی زانکۆی کوردستانە لە ڕیزی ٨٪ی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهاندا.

لەم پۆلێنبەندییەدا، زانکۆی کوردستان لە پێش زۆرێک لە زانکۆ ناسراوەکانی وڵات و ناوچەکەوەیە، لەوانە زانکۆی بووعەلی سینای هەمەدان، زانکۆی ڕازیی کرماشان، زانکۆی خارەزمیی تاران، زانکۆی مازەندەران و زانکۆی یەزد.
سیستەمی پۆلێنبەندیی CWUR زانکۆکان لەسەر بنەمای چوار پێوەری سەرەکی هەڵدەسەنگێنێت:

  • فێرکردن (٢٥٪)

  • توانای دامەزراندنی دەرچووان (٢٥٪)

  • ئەندامانی دەستەی زانستیی پێشەنگ (١٠٪)

  • توێژینەوە (٤٠٪)

ئەم سەرکەوتنە بەنرخە، کە بەرهەمی هەوڵی بەکۆمەڵی ئەندامانی دەستەی زانستی، توێژەران، خوێندکاران و کارمەندانی زانکۆیە، بە ڕوونی پابەندبوونی زانکۆی کوردستان بە بڵندی لە فێرکردن، توێژینەوە و پەیوەندیی کاریگەر لەگەڵ کۆمەڵگەدا نیشان دەدات.